وریا غەفووری و دوبارە کردنەوەی خەزمەتی بە ئێرانچییەتی ئەم جار بە بڵاوکردنەوەی وێنەی نەخشەی ئێرانی داگیركەر بە نیشتیمانی خۆی ناو دەبات
وریا غەفووری جارێکی دیکە هەڵوێستێکی گرتەبەر بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی نەخشەی ئێران و نووسینی وشەی “نیشتمانم” لە لاپەڕەی فەرمی خۆیدا، کە نەک هەر دژایەتی شوناسی نەتەوەیی کوردە، بەڵکو ڕەوتێکی نیگەرانکەریش لە نێو هەندێک کەسایەتیی ئاسمیلەکراوی کورددا ڕەنگدەداتەوە ، ڕەوتێک کە ناسنامەی کورد دەکاتە قوربانی بۆ قبوڵکردن لە پێکهاتەی دەسەڵاتداری داگیرکەر لە کوردستاندا..
واقیعەکە ئەوەیە کە ئێران نەک وڵاتی کوردە و نە پارێزەری بەرژەوەندیی کوردە ، لە جوگرافیای سیاسی ئێستای ئێراندا، کوردستان ناوچەیەکی داگیرکراوە کە ساڵانێکە لەژێر چەوساندنەوە، کاول کردن ، تاڵانکردنی سامانی سروشتی، شێواندنی مێژوویی و سەرکوتکردنی کولتووریدایە. لە کوشتنی سیستماتیکی گەنجانی کوردەوە تا دەگاتە زەوتکردنی مافە سەرەتاییەکان، ئەوەی لە نێوان کورد و ئێراندا هەیە، پەیوەندییەکی کۆلۆنیالیستییە، نەک پەیوەندییەکی نەتەوەیی و یەکسان.
هاوکات هەڵوێستی کەسانی وەک وریا غەفووری کە چەندین جار ئێرانی بە “نیشتمان” ناوبردووە، نەک هەر لەگەڵ ڕاستی مێژوویی و سیاسیدا ناگونجێت، بەڵکو سەکۆیەک بۆبە یاسایی کردن بەو داگیرکارییە دەڕەخسێنێت. ئەم هەڵوێستانە، بە ئاگایی یان نائاگا، دەتوانن لە درێژخایەندا زیان بە پڕۆژەی لابردنی ناسنامەی کوردستان و لاوازکردنی گوتاری ئازادیخوازی کورد بگەیەنن.
وریا غەفووری، وەک زۆرێک لە وەرزشوانان و هونەرمەندانی هۆشیار،دەیتوانی لە بارۆدۆخێکی وا بێدەنگ بێت نەک وەک هەموو جارێک بە هەڵوێستێکی وا خەنجرێک لە لەشی هیلاکی کوردستان بدات و بە ئەم جۆرە کارانە خەریکە لە ناو گۆمی قیزەونی پڕۆژەی بە ئێرانی کردنی کورددا دەخنکێت، پرۆژەیەک کە ئامانجی درێژە دان بە داگیرکاری و بندەست کردنی کوردە .
کوردبوون تەنیا بە زمان و شوێنی لەدایکبوون پێناسە ناکرێ؛ هەروەها لە کردار و هەڵوێست و بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاریدا پێناسە دەکرێت. ئەو کەسایەتیانەی کە داگیرکەر بە زێدی خۆیان ناودەبەن، بیانەوێت یان نا، دەخرێنە ڕیزی ئاسمیلەکراوەکان، نەزانەکان، یان خیانەتکاران.

لە وێنەکەیش وێنەی منداڵانی وریا غەفوورییە بە جلو بەرگی قاجارەکانی ئێران